Psalms 112

1هەلیلویا!

خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت،
بە ڕاسپاردەکانی زۆر دڵخۆشە.

2وەچەی لەسەر زەوی بەهێز دەبن،
نەوەی سەرڕاستان بەرەکەتدار دەبن.
3سامان و دەوڵەمەندی لە ماڵیەتی،
ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.
4لە تاریکیدا ڕووناکی بۆ سەرڕاستان درەوشایەوە،
بۆ ئەوانەی کە میهرەبان و بە بەزەیی و ڕاستودروستن.
5چاک دەبێت بۆ ئەو کەسەی کە دڵفراوانە و قەرز دەدات،
بە دادپەروەرییەوە ئیشوکاری خۆی ڕادەپەڕێنێت.

6بێگومان پیاوچاک هەتاهەتایە نالەقێت،
هەتاهەتایە یادی دەکرێتەوە.
7لە بیستنی هەواڵی خراپ ناترسێت،
دڵی پتەوە، پشتی بە یەزدان بەستووە.
8دڵی چەسپاوە و ناترسێت،
لە کۆتاییدا سەرکەوتوو دەبێت و شکستی دوژمنانی دەبینێت.
9بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە،
ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە،
بە ڕێزەوە شکۆمەندییەکەی بەرز دەبێتەوە.

10بەدکار ئەمە دەبینێت و بێزار دەبێت،
ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و دەتوێتەوە،
ئارەزووی بەدکاران لەناودەچێت.
Copyright information for CkbKSS